7 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
سلێمانی.. باڵەخانەیەک ئاگرى گرت و تەنیا زیانى ماددى لێکەوتەوە
پەیام
لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود لە سلێمانى شەوى ڕابردوو باڵەخانەیەك بە هۆكارێكی نادیار گڕی گرت و ڕووداوەکە تەنیا زیانى ماددى بەدواوە بوو.
پەیامنێری پەیام ڕایگەیاند: لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود نزیك بەنزینخانەی بینایی لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەك ئاگر كەوتەوە و دوای گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە شوێنی ڕووداوەكە هەوڵەكان چڕكرایەوە و بە ماوەیەكی كەم توانرا كۆنترڵ بكرێت.
لەبارەی ڕووداوەكەوە وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی ڕایگەیاند كە كاتژمێر 9 و 20 خولەك ئاگاداركراونەتەوە ئاگرێك لە باڵەخانەی هۆتێلێك كەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادیی بەر بەشی سەرەوەی باڵەخانەكە كەوتووە و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە ئەوەی كە سووتاوە شمەكی زیادەی ئۆتێلەكە بووە.
وتیشی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە دەستی پێكردووە و ڕەتیشی كردەوە كە باڵەخانەكە سیستمی غازی ئێڵ پیجیی هەبووبێت.
هەرچەندە كە بەشێك لە شایەتحاڵان باسیان لەوە كرد كە ئەمە یەكەمجار نییە ئاگر لەو باڵەخانەیە دەكەوێتەوە و پێشتر ڕووداوی هاوشێوە ڕووی داوە، بەڵام خاوەنی باڵەخانەكە جەختی لەوە كردەوە كە پێشتر هیچ حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوەیان نەبووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە