8 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
حهج و عومرهی ههرێم: پێویسته بهزووترین كات عومرهكانی ههرێم له سعودییهوه بگهڕێندرێنهوه
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە تا عومرەکارانی ھەرێمی کوردستان بە ڕێگای فڕۆکەوە لە وڵاتی سعوودیە نەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم، ئەوا ھیچ گەشتێکی ئاسمانیی بۆ عومرەکردن لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودیە ئەنجام نادرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاگەیاندووە کە وەکو ھەڵوێستێک بەرامبەر دواکەوتنی گەڕانەوەی ئەو ھاووڵاتییانەی کە بەڕێگای ئاسمانییەوە لە ھەرێمی کوردستان گەشتی عومڕەیان کردووە بۆ سعوودیە و ئێستا لەوێ گیریان خواردووە بەھۆی نەبوونی فڕۆکە و ناچاربوونە یان لەوێ بمێننەوە یان بە ڕێگای وشکایی بگەڕێنەوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگا بە ھیچ گەشتێکی ئاسمانیی عومرەکاران نادەین لە ھەرێمەوە تا ھەموو عومرەکاران لە نزیکترین کاتدا دەگەڕێندرێنەوە ھەرێم و دڵنیایی تەواویش دەدرێت لەوەی ئیتر ھەر ھاووڵاتییەک دەچێتە عومرە ئەوا لە وادەی دیارییکراوی خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ ھەرێم.
لە چوارچێوەی ڕاگەیاندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، ئاگاداری ھەموو کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی لە ھەموو پارێزگاکان کردووەتەوە کە ھیچ گەشتێکی عومرە بە رێگای ئاسمانی رێک نەخەن تا بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە رێگەیان پێدەدات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەدا ھاتووە: "ھۆشداری بە بریکارەکانی ھێڵی فڕۆکەوانی عێڕاقی دەدەین کە پێویستە ھەوڵ بدەن بە زووترین کات عومرەکارانی ھەرێم لە سعوودیە بگەرێندرێنەوە، بە پێچەوانە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە ھۆکاری جیا جیا گەشتەکانی عومرە بە ھێڵی فڕۆکەوانی عێڕاقی ماوەیەکە کەموکوڕییان تێکەوتووە و بەھۆیەوە گەڕانەوەی ھەزاران عومرەکارانی ھەرێم و عێڕاق لە سعوودیە دواکەوتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە