14 کاتژمێر پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم: شەرەکەى سلێمانى ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت
پەیام
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی سلێمانی بە نمایشێكی سەربازی ناو دەبات و دەڵێت ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە ئەو ڕووداوە نائارامی زۆری لە شاری سلێمانی دروستكرد و خەڵكی ئەو ناوچەیەی نیگەران كرد و ترس و دڵە ڕاوكێی بڵاوكردەوە.
هاوكات ئاماژەی بەوەیش كردووە، كە دەستەكە سەركۆنەی ئەو ڕووداوەو دەرەنجامەكانی دەكات و بەهەموو شێوەیەك شەڕو ئاڵۆزی ڕەت دەكاتەوەو هەمیشە پشتیوانی ڕێكاری یاسایی و زمانی دیالۆگ دەكات.
باس لەوەیش دەكات، كە بۆ بڕیاری دەستگیركردنی داواكراو هێزی جێبەجێكار پۆلیسە نەوەك هێزی دژە تیرۆرو هێزی دیكە كە لەو ڕووداوە بەداخەوە هێزی جیاواز و چەكی سوك و قوڕس بەكار هێنراوە.
بەپێی ڕێكارە یاساییەكان دەبێ تۆمەتبار ببرێتە گرتن و گواستنەوە نەوەك شوێنی تر و بارەگای حزبی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاڵپشتی تەواوی جێ بەجێكردنی بڕیاری دادگاكان دەكات بۆ ڕادەستكردنی هەر كەس و داواكراوێك بەڕێكاری یاسایی خۆی بۆیە هەر جۆرە ڕێگاو شێوازێكی تر ڕەت دەكەینەوە بۆدەستگیركردنی داواكراوان كە بەداخەوە دەبابەو دۆشكەو چەكی قوڕس بەكارهاتوە ئەمە زیاتر لەنمایشێكی سەربازی دەچێت و ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ ناوبانگی هەرێم.
دەستەكە نیگەرانی لە گرتنی وێنەی دەستگیركراوان و بڵاوكردنەوەی لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە دەربڕیوە بەو پێیەی تۆمەتبار بێ تاوانە تا سەپاندنی تاوانەكەی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە