4 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
گروپێكی چەكدار لە ئێران هێرشی كردە سەر پۆلیس و پێنج ئەندامی لێ كوشتن
پەیام
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریدا بۆ سەر دوو یەكەی پۆلیس لە ناوچەی دامەنی شاری ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، لە ئاكامدا پێنج كەس كوژران.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پۆلیس، چەكدارەكان هێرشیان كردووەتە سەر دوو یەكەی پۆلیس لەسەر ڕێگای نێوان خاش و ئێرانشەهر، هێرشەكەش بووەتە هۆی كوژرانی دەستبەجێی پێنج ئەندامیان، هەروەها چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، هێرشبەرەكان دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە هەڵاتوون، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوان كردووە بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی ناسنامەیان.
هاوكات گروپی "جەیشولعەدل" كە ئێران بە گروپێكی تیرۆریستی لەقەڵەمی دەدات، لەڕێی ڕاگەیەنراوێكەوە كە لە پلاتفۆرمەكانی سەر بە خۆی بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕاگەیاندووە.
لەلایەكی دیكەوە، دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی ئێران ڤیدیۆییەكانی شوێنی ڕووداوەكەیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا بڵاوبوونەوەی چڕی هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا دوای ئۆپەراسیۆنەكە نیشان دەدات، لەگەڵ هەواڵی برینداربوونی ژمارەیەك كەسی دیكە.
شاری ئێرانشەهر دەكەوێتە پارێزگای سیستان و بەلوجستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، 337 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای زاهیدانەوە دوورە، بە یەكێك لەو ناوچانە دادەنرێت كە لە ساڵانی ڕابردوودا هێرشی دووبارەی تێدا كراوەتە سەر هێزە ئەمنییەكانی ئێران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە