پێش 2 هەفتە 241 جار خوێنراوەتەوە

وشکەساڵی گۆڕستانێکی کۆن لە بەنداوی دووکان دەردەخات

پەیام

کەمیی بارانبارین و وشکەساڵیی، ئەمساڵ ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، ئەمەش دەرکەوتنی گۆڕستانێکی کۆن (گۆڕستانی عارەبان)ی لە گوندی مەمەندئاوا سەر بە ناحیەی بنگرد لە قەزای دووکان لێکەوتووەتەوە، کە تا ئێستا مێژووە ڕاستەقینەکەی بە نادیاریی ماوەتەوە.

دابەزینی ئاستی ئاو و دەرکەوتنی شوێنەوارە شاراوەکان، بوونەتە جێی سەرنجی پسپۆڕانی شوێنەوار و دانیشتووانی ناوچەکە.

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ناوچەکەیان کرد و، دیمەنی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە و دەرکەوتنی شوێنەوارە مێژوویی و گۆڕستانی ناوچەکەیان تۆمارکرد.

شوێنەوارناس لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی، ئامانج حەمەئەمین ڕەحیم، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "دیارە ئەم گۆڕستانە جیاوازە لەو گۆڕستانانەی کە لە هەرسێ گوندی مەمەندئاوا، قەرەتەپە و دێلێژە هەیە، ئەوان گۆڕستانی تایبەت بە خۆیان هەیە و کەوتوونەتە ناو گوندەکە، بەڵام ئەم گۆڕستانە مێژوویەکی کۆنی هەیە، بە تەواوی نازانین چ سەردەمێکە، بەڵام بەشێوازی ناشتنی گۆڕەکان دیارە کە سەردەمی ئیسلامییە".

ئامانج ئاماژەی بەوەیشکرد کە هۆکاری دەرکەوتنی ئەم گۆڕستانە دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی دووکان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کە لەگەڵ خۆیدا دەیان گردی شوێنەواریی و گۆڕستانی دیکەی شاردەوە و، گوتی: "دەیان گۆڕستان و گردی شوێنەواریمان هەیە، یەکێک لەوانە ئەم گۆڕستانەیە، کە پێی دەگوترێت گۆڕستانی عارەبان، بەپێی گوتەی خەڵک، ناوەکە لەوەوە هاتووە کاتێک کاروانچی یاخود خەڵکی دەرەوە یان خەڵکی عەرەب هاتوون لەو ناوچەیەدا نیشتەجێبوون یاخود زۆرجار چیرۆکی دیکە دەگێڕنەوە کە گوایا کاتی فتوحاتی ئیسلام ئەم ناوچەیە بەر فتوحاتی ئیسلامی کەوتووە و، ئەو شوێنە بووەتە گۆڕستان، هەرچۆنێک بێت بەپێی شێوازی ناشتنی تەرمی گۆڕەکان، مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە، بەڵام بە تەواوی نازانرێت چەند سەد ساڵ لەمەوبەرە ٢٠٠ یان ٣٠٠ ساڵ، ئێمە زانیاری ئەوەمان نییە".

ئەو شوێنەوارناسە باسی لەوەیشکرد کە تا ئێستا هیچ هەڵکۆڵینێک لەناو گۆڕەکاندا ئەنجام نەدراوە، بەڵام لە نزیک گۆڕستانەکە چەند گردێکی شوێنەواریی هەیە کە پێیان دەوترێت (عارەبان) و، گوتی: ''لە ساڵی ٢٠١٥دا تیمێکی شوێنەواری سلێمانی بە هاوکاری زانکۆی پیزا-ی ئیتاڵی هەڵکۆڵینیان لەو گردانەدا ئەنجامداوە و دەرکەوتووە کە مێژووەکەیان بۆ کۆتایی چاخی کانزایی (سەدەی نۆیەم تا حەوتەمی پێش زانین) دەگەڕێتەوە.

ڕاشیگەیاند: "ئەم گۆڕستان و گردە شوێنەوارییانە لە کاتی کەمبوونەوەی ئاو یان کاتی کەم بارانی و وشکە ساڵییدا دەردەکەون، لەو کاتەشدا ئێمە بە هەلی دەزانین کاری تێدا بکەین، بەڵام بەبۆنەی ئەوەی کە چەند ساڵە لە ژێر ئاودان، چینە شوێنەوارییەکانی زۆرینەی ڕۆیشتووە، ئەوەی کە تەنیا دەدۆزرێتەوە لەسەر ڕووکاری زەویەکە، یان لە کاتی هەڵکۆڵیندا تەنیا چەند پارچە گڵێنەیەکە کە مێژووی شوێنەکە دیاری دەکات، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە دەرەنجامی هەڵکۆڵینە خێراکانمان سەردەمی گردی عارەبان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی چاخی کانزایی، واتا سەردەمی وەرکا-ی پێدەگوترێت لەگەڵ سەردەمی نەینەوای پێنج، ئەمە مێژووی گردی عارەبانە، بەڵام گۆڕستانەکە مێژووەکەی زۆر کۆن نییە لە چاو شوێنەوارەکەدا، چونکە سەردەمی وەرکا و سەردەمی نەینەوا پێنج نزیکەی سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەکات، بەڵام سەردەمی گۆڕستانەکە، گۆڕستانێکی ئیسلامیە".

هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەکە بەناوی محەمەد حاجی مەولوود (٧٢ ساڵ)، سەبارەت بەو گۆڕستانەی لەگەڵ دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە دەرکەوتووە، ڕایگەیاند: "ئەم شوێنە گوندێک بووە و پێی دەوترا گوندی عارەبان، پێش دروستکردنی بەنداوەکە ئەم گوندە لێرەدا بوو، ئەمەش گۆڕستانی گوندەکە بووە. ساڵی ١٩٦٠ هاتووم بۆ ئێرە، ئەو کاتە گوندەکە ژێر ئاو نەکەوتبوو. ئەم ناوچەیە لە ساڵی ٨٠کاندا دەرکەوتووەتەوە، بەڵام ئەو ساڵە ئاستی ئاوەکە بە هێندەی ئێستا نزم نەبووە".

هەروەها محەمەد باسی لەوەیشکرد کە زێی بچووک بە بن ئەو کەندەدا تێپەڕیووە و خەڵکی گوندەکان دار و زەلیان لێرەوە بردووە بۆ دروستکردنی خانووەکانیان. ئێرە شوێنەوارێکی مێژووییە، ئێمە بۆ خۆمان بینیوومانە کە کاتێک بناغەی خانوومان هەڵکەندووە کوپەڵەیەکمان دۆزیووەتەوە کە ئێسک و پروسکی دوو کەسی تێدا بوو''.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • پێش 2 هەفتە

    وشکەساڵی گۆڕستانێکی کۆن لە بەنداوی دووکان دەردەخات

  • 28/08/2025

    بەوێنە.. بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو لە بەنداوی موسڵ؛ گۆڕێکی کۆن دەرکەوتەوە

  • 19/08/2025

    چەند دیمەنێک لە ئاگرە گەورەکەى سنوورى هەڵەبجە

  • 08/08/2025

    سێ خوشک لە ناو دۆخی جەنگدا لە غەززە قورئانی پیرۆزیان لەبەرکرد

  • 01/08/2025

    چواردەیەمین ئاهەنگی ساڵانەى دەزگای نوری حیکمە لە سلێمانی بەڕێوەچوو

  • 27/07/2025

    بەوێنە: بارهەڵگریى هاوکارییە مرۆییەکان چوونە نێو غەززەوە

  • 20/07/2025

    کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەری لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە

  • 19/07/2025

    وێنه‌.. ئاماده‌كارییه‌كان به‌رده‌وامه‌و دوو كاتژمێری دیكه‌، كۆنگره‌ی پێنجه‌می كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ده‌ستپێده‌كات

سەرەتا