4 کاتژمێر پێش ئێستا
182 جار خوێنراوەتەوە
سی ئێن ئێن: پێشیلكارییەكانی ئیسرائیل هەڕەشە لە تێكدانی ئاگربەست دەكات
پەیام
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی ئەوەی داوە، لەگەڵ چوونە نێو ڕێككەوتنی ئاگربەست و جێبەجێكردنی لەم هەفتەیەدا و بەردەوامبوونی قەوارەی زایۆنی لە كوشتنی فەڵەستینییەكان و پێشلێكارییەكانی، هەڕەشە لە تێكدانی ئاگربەستە لەرزۆكەكە دەكات.
ڕاپۆرتێكی تۆڕی (سی ئێن ئێن) جەخت لەوە دەكاتەوە، دوو هاووڵاتی فەڵەستینی لە دوو هێرشی جیای سوپای زایۆنیدا شەهید بوون، كە یەكێكیان لەڕێی دۆرنەوە بووە لە بەنی سوهەیلا لە باشووری خانیونس، ئەوەی دیكەش یەكێك بووە كە پێشتر لە نزیك كۆلیژی زانستەكان و تەكنەلۆژیا لە شاری غەززە بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەست داوە.
هەروەها وتوویەتی: دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بە دەیان تەرم لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەكاندا دەرهێنراوەتەوە، هاوكات نزیكەی سێ كەسی دیكە لە هێرشە نوێیەكانی سوپای زایۆنیدا شەهید بوون، كە ئەوە ڕەنگدانەوەی لەرزۆكی بارودۆخی مرۆییە لە كەرتی غەززە، لە دوای دوو ساڵ لە بەردەوامبوونی بۆردومانەكان.
فەرماندەیەكی حەماسیش ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو كاولكارییە زۆرەی لە كەرتەكە ئەنجام دراوە، دۆزینەوەی تەرمی دیلە زایۆنییەكان قورس بووە، جەختیشی كردەوە، ژمارەیەك لە تەرمی دیلەكان ڕادەست كراونەتەوە، وتیشی: بۆ دەرهێنانەوەی تەرمی ئەو دیلانەی لەژێر داروپەردووە ڕووخاوەكاندا ماون، پێویستیمان بە كەرەستەی تایبەت هەیە.
تۆم فلیچەر ڕێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ گرەنتی بەردەوامی ئاگربەستەكە داوای دەست واڵایی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتی كرد، وتیشی: هێشتا غەززە خاكێكی وشك و برنگە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە