1 رۆژ پێش ئێستا
364 جار خوێنراوەتەوە
حــ.ەمــ.اس: پابەندبوونی خۆمان بە ڕێككەوتنی ئاگربەست دووپات دەكەینەوە
پەیام
بزووتنەوەی حەماس جارێكی دیكە پابەندبوونی خۆی بە كۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە، پاراستنی ئاگربەست و دەستپێكردنی پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە دووپات كردەوە.
لە لێدوانێكدا زاهیر جەبارین بەرپرسی كەرتی خۆراوای حەماس ئاماژەی بەوە كرد، حەماس پابەندە بە ڕێككەوتنی ئاگربەست كە لەگەڵ قەوارەی زایۆنی بە نێوەندگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدەست هاتووە، لەگەڵ پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی كەرتی غەززە.
دەشڵێت: وەك بزووتنەوەكە پابەندین بە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەی گەرەنتی وەستانی جەنگ، پاراستنی گەلەكەمان لە هێرشەكان و دەستپێكردنی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە دەكات، هیچ سەرپەرشتییەكی نێودەوڵەتیش لەسەر گەلەكەمان قبوڵ ناكەین.
جەبارین دووپاتی كردەوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە دان بە گەلی فەڵەستین بنرێت و چارەنووسی خۆی دیاری بكات و دەوڵەتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت.
دەشڵێت: ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینە بووەتەوە، ئەوانەی دەخوازن ئاشتی بۆ ناوچەكە بەدیبهێنن، دەبێت بە جێبەجێكردنی هەڵوێستی هاوبەشی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە دەستەبەركردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەركردنی پرسی دیلەكان، دڵنیایی بدەن كە هەموو دەستبەسەركراوانی دیكە بەبێ جەنگ ئازاد دەكرێن.
ناوبراو داوای كرد بەهۆی ئەو جینۆساید و پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ كە لە كەرتی غەززە ئەنجام دراون، سەركردە زایۆنییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دادگایی بكرێن، بەتایبەت نەتەنیاهوو سەرۆكوەزیرانی قەوارەی زایۆنی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە