3 کاتژمێر پێش ئێستا
259 جار خوێنراوەتەوە
ئیندۆنیزیا.. لە تەقینەوەیەكدا لە مزگەوتێكى جاكارتا 54 كەس بریندار بوون
پەیام
تەقینەوەیەك لە مزگەوتێكدا لە جاكارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا ڕوویدا و نزیكەی 54 كەس برینداربوون.
فەرماندەی پۆلیسی شاری جاكارتای پایتەختی ئیندۆنزیا ڕایگەیاند: لە تەقینەوەیەكدا لە مزگەوتێكدا لەنێو كۆمەڵگەیەكی قوتابخانەدا لە كاتی نوێژی هەینی، 54 كەس بریندار بوون.
ئەسیب ئیدی سۆهیری فەرماندەی پۆلیسی جاكارتا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەك لە بریندارەكان برینەكانیان سووكە و ژمارەیەكی دیكەیان مامناوەندە، وتیشی: ژمارەیەك لە بریندارەكان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ڕایگەیاند: تەقینەوەكە لە كاتی نوێژی هەینیدا بووە و ترس و دڵەڕاوكێی لەنێوان نوێژخوێنان و قوتابیانی نزیك لەشوێنەكە دروست كردووە، هەروەها تیمەكانی بەرگری شارستانی و فریاكەوتن بەپەلە چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە، هاوكات یەكە ئەمنییە تایبەتەكان لە دەوروبەری ناوچەكە بڵاوەیان پێكراوە.
لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەكان بۆ زانینی هۆكاری تەقینەوەكە بەردەوامە، تاكو بزانرێت بە ئەنقەست بووە یان تەنیا ڕووداوێك.
لە تەقینەوەكەدا هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە، پۆلیسیش دەستگیركردنی هیچ گومانلێكراوێكی ڕانەگەیاندووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە