2 کاتژمێر پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران، پۆلیسى ئیسرائیل ژن و مێردێكی ئیسرائیلی دەستگیرکرد
پەیام
پۆلیسی قەوارەی زایۆنی ژن و مێردێكی بە تۆمەتی گواستنەوەی وێنە و زانیاری هەستیار بۆ لایەنە هەواڵگرییەكانی ئێران دەستگیر كردووە.
پۆلیسی قەوارەی زایۆنی و دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباك) پشتڕاستیان كردەوە: پیاوێك و هاوسەرەكەی، بەهۆی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی سوپا و بنكەكانی هێزی ئاسمانی، دەستگیر كراون.
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی عیبری "دەزگای شاباك لە مانگی ڕابردوودا (شیمعۆن ئەزارزاری) تەمەن 27 ساڵ و هاوسەرەكەی كە هەردووكیان دانیشتووی شاری (كیریات یام)ن دەستگیر كردووە، ئەوەش بە گومانی تێوەگلانیان لە پێشێلكارییە ئەمنییەكان و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی هەواڵگریی ئێران.
لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس و شاباك ئاشكرایان كردووە: (ئەزارزار) بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی هەواڵگری ئێران پەیوەندی هەبووە و چەندین ئەركی ئەمنیی جێبەجێ كردووە، لەوانەش ناردنی وێنە و زانیاری چەندین ناوچەی هەستیاری قەوارەی زایۆنی.
كەناڵی گشتیی قەوارەی زایۆنی ڕوونی كردەوە، (ئەزارزار) پەیوەندییەكەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كە لە یەدەگدایە لە بنكەیەكی هێزی ئاسمانی، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پەیوەست بە سوپا و بنكەكانی هێزی ئاسمانی و شوێنە سەربازییەكانی دیكە و ڕادەستكردنی بە ئێرانییەكان قۆستووەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان بە كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بەفەرمی تۆمەتنامە دژی ژن و مێردەكە لە دادگای ناوەندی حەیفا پێشكەش كراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە