2 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان كاندیدی سەرۆكوەزیران دیاری دەكات
پەیام
چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، كاندیدی سەرۆكوەزیران دەستنیشان دەكەن و هیچ بەربەستێكیش نییە بۆ كاندیدكردنی مالیكی.
عامر فایز، سەرۆكی هاوپەیمانیی "تەسمیم" و سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند: دەرگا كراوەیە و هەر كەسێك مەرجە دیاریكراوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تێدابێت، مافی ئەوەی هەیە خۆی كاندید بكات و بچێتە نێو كێبڕكێكەوە.
سەبارەت بە دەنگۆی كاندیدكردنی نووری مالیكی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە بۆ سەرۆكایەتیی حكومەتی نوێ، فایز ڕایگەیاند: هیچ بەربەستێكی یاسایی یان سیاسی لە ئارادا نییە، ڕێگری لە مالیكی بكات خۆی كاندید بكات.
هاوكات سەرچاوەیەك ئاشكرایكرد، كە چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجەكانی پێشووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سووك كردووە، بەتایبەت لابردنی مەرجی ئەوەی پێشتر سەرۆكوەزیران نەبووبێت، بەوەش دەرگا بۆ كاندید بوونەوەی مالیكی وسودانی دەكرێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، تا ئێستا پێنج كەس ناوی خۆیان پێشكەش كردووە بەڵام كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان (نووری مالیكی، محەمەد شیاع سوودانی و حەمید شەتری)دایە، جگە لە بوونی ناوی عەبدولحوسێن عەبتان و باسم بەدری.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە