2 کاتژمێر پێش ئێستا
59 جار خوێنراوەتەوە
عێراق یاسای نوێ بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و كوالێتییەكەیان پەیڕەو دەكات
پەیام
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای دەكات، سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕێسایەكی نوێن بۆ ڕێكخستنی پڕۆسەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە چوارچێوەی پلانێكی فراوانی حكومەت، كە ئامانج لێی ڕێكخستنەوەی ژمارە و كوالێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەن دێنە ناو وڵاتەوە.
محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە: پەیڕەوی پێشنیاركراو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و لەژێر لێكۆڵینەوەدان و چاوەڕێی ڕەزامەندی كۆتایی دەكەن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
حەنون ڕوونیشیكردەوە، ئامانج لە پەیڕەوی نوێ بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ڕێكخستنەوەی كوالێتی ئۆتۆمبێلەكان و تایبەتمەندییەكانیەتی، لەكاتێكدا پێشتر گرنگی بە كوالیتی نەدراوە و لە ئاكامدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی، كە بۆ ژینگەی عێراق ناگونجێن یان لەگەڵ تایبەتمەندییە پێویستەكاندا ناگونجێن هاوردەكراون، ئەمەش كێشەی گواستنەوە و قەرەباڵغی هاتوچۆی شارەكان زیاتر كردووە.
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەشنووسەكە لە دیاریكردنی جۆر و تایبەتمەندییەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانەدا ناوەستێت كە هاوردە دەكرێن، بەڵكو نوێنەرایەتی توێژینەوەیەكی یەكگرتوو دەكات، كە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی گواستنەوە لە عێراقدا دەگرێتەوە و پێشنیاری چارەسەری كردەیی دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە