1 کاتژمێر پێش ئێستا
186 جار خوێنراوەتەوە
دانیشتووانی گوندی لاجان داوا لە عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن بە هانایانەوە بێن
پەیام
دانیشتوانی گوندی لاجان ڕاگەیەندراوێك بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق دەكەن و داوا دەكەن دەستوەردانی خێرا بكرێت بۆ ڕێگری لە كۆچی زۆرە ملێیان.
لە ڕاگەیەندراوەكەی دانیشتوانی گوندی لاجان ئەوە هاتووە كە ئەوان وەك عەشرەتی هەركی ڕووبەڕووی قورسترین دۆخی مێژووی هاوچەر بوونەتەوە و ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگواستنی زۆرە ملێ بوونەتەوە لە زێدی خۆیان كە باو باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
جەخت دەكەنەوە ئەم هەوڵانە پێشێلكردنی ئاشكرای دەستوور و یاساكانی عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤن، بۆیە داوای مافی ژیانی سەربەرزانە و ئاسایش دەكەن و هەر جۆرە گۆڕانكارییەكی دیموگرافی و لێدان لە بوونیان ڕەت دەكەنەوە.
دانیشتوانی گوندەكە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن بە پەلە دەستوەردان بكات و لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلكارییانە دژ بە هاوڵاتیانی بێتاوان ئەنجام بدات، هاوكات داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەن تیم ڕەوانە بكەن و چاودێری دۆخەكە بكەن بۆ ئەوەی هەوڵی ڕاگواستن كە ساڵانێكە ئەم عەشیرەتە تووشیان دەبێت دووبارە نەبێتەوە.
جەختیش دەكەنەوە، كە بێدەنگی بەرامبەر زوڵم قبوڵ ناكەن و بە توندی ڕەتی دەكەنەوە لەلایەن "بنەماڵەی بارزانی"ـیەوە خاك و كەرامەتیان لێ زەوت بكرێت، جەختیش دەكەنەوە كە عێراق وڵاتی هەمووانە و یاسا دەبێت لە سەرووی هەمووانەوە بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە