4 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
نەمسا.. بڕیاری قەدەغەكردنی سەرپۆش بۆ كچانی خوار 14 ساڵ لە قوتابخانەكاندا درا
پەیام
لە هەنگاوێكدا كە بە "جیاكاری" و "دابەشبوونی كۆمەڵگە" لێك دەدرێتەوە، پەڕلەمانی نەمسا بەزۆرینەی زۆری دەنگ پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی سەرپۆشی بۆ كچانی خوار 14 ساڵ لە قوتابخانەكاندا پەسەند كرد.
پێشتر لە 2019دا، نەمسا بڕیاری قەدەغەكردنی حیجابی لە قوتابخانە سەرەتاییەكان دەركرد، بەڵام دادگای دەستووریی بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام حكومەت لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەم پڕۆژەیاسایەی خستە ڕوو.
بەپێی یاسا پەسەنكراوەكە، كچانی خوار 14 ساڵ لە پۆشینی هەر جۆرە حیجابێك كە "بەپێی ئایینی ئیسلام سەر دادەپۆشێت" لە سەرجەم قوتابخانەكاندا قەدەغە دەكرێن و 12 هەزار كچیش دەكەونە ژێر كاریگەریی یاساكەوە.
لای خۆیەوە كلۆدیا بلاكۆڵم، وەزیری تێكەڵبوون لە كاتی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكەدا ڕایگەیاند: یاساكە لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەیلوولی/ مانگی نۆی 2026دا بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی زانیارییەكان، قۆناغی ڕوونكردنەوەی ڕێسا نوێیەكان لە شوبات، مانگی دووی ساڵی داهاتووەوە دەست پێدەكات، هەر چەندە سەرەتا هیچ جۆرە سزایەك بەسەر سەرپێچیكاراندا ناسەپێنرێت، بەڵام لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەدا دایك و باوكان بە 150 بۆ 800 یۆرۆ پێبژاردن سزا دەدرێن.
لەبارەی یاسا نوێیەكەوە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: یاساكە "جیاكارییەكی زەقە دژ بە كچانی موسڵمان" و "دەربڕینی ڕەگەزپەرستی دژ بە موسڵمانان"ـە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە