4 کاتژمێر پێش ئێستا
168 جار خوێنراوەتەوە
توركیا: گەر هەسەدە نەچێتە ناو سوپای سووریاوە، ئەوەی پێویست بێت دەیكەین
پەیام
وەزیری بەرگریی توركیا ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) پابەندی ڕێككەوتن لەگەڵ دیمەشق نەبێت، پرس بە كەس ناكەین و ئەوەی پێویست بێت دەیكەین.
لە میانی وتەیەكیدا لە كۆنگرەی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتەكەی، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا پرسی تێكەڵبوونی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و سوپای سووریای هێنایە بەر باس و ئاماژەی بەوە كرد "لەگەڵ بەرپرسانی نوێی دیمەشق دانیشتنیان كردووە و هەڵوێستیان لەو بارەیەوە تێگەیشتوون، ئێمە پشتیوانیی سووریایەكی یەكگرتوو دەكەین وەك ئەوەی حكومەتی نوێ كاری بۆ دەكات".
لەبارەی هەڵوێستی هەسەدەیشەوە، وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند: هەسەدەیش پرسی چوونە نێو سوپا تاوتوێ دەكات، بەڵام ئەوان دەیانەوێت وەك كوتلەیەك، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەوە تێكەڵبوون نییە، پێویستە پڕۆسەی تێكەڵبوونەكە لەسەر ئاستی تاك بێت، نەك كوتلە.
وەزیری بەرگریی توركیا وتیشی: لەگەڵ ئەمریكییەكانیش گفتوگۆمان كردووە، گۆڕانكاری لە هەڵوێستی ئەوانیش بەدی دەكرێت، ئێستا لە واقیعەكە تێدەگەن و ناكۆكییشمان لەوبارەوە كەم بووەتەوە، ئەوەی دەمانەوێت ڕوونمان كردووەتەوە كە تێكەڵبوونی تەواوی هێزەكانە لەگەڵ سوپای سووریا و گەڕانەوە لەوە نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە ساڵی 2016 كاتێك ئۆپڕاسیۆنیان لە سووریا ئەنجام دەدا، ئەمریكا و ڕووسیاش لەوێ هەبوون، بەڵام پرسیان بە كەس نەكردووە و ئەوی پێویست بووە ئەنجامیان داوە، لە داهاتوویشدا هەر وا دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا بە ئاماژەدانی بە پڕۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند: بە عەقڵانی و هەستیارییەوە بەڕێوە دەچێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گولەر وتیشی: دوابەدوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ژمارەی ئەو ئەندامانەی پارتەكە كە خۆیان ڕادەست كردووەتەوە زیادی كردووە.
بەپێی قسەی وەزیری بەرگریی توركیا "توركیا ئامانجی لە پڕۆسەی توركیای بێ تیرۆر كۆتاییهێنانە بە سەرجەم هەڕەشەكان و ڕێگە بە هیچ هێزێك، بەتایبەت پەكەكە و یەپەگە نادات بۆ هەمیشەیی هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەكە بكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە