2 کاتژمێر پێش ئێستا
176 جار خوێنراوەتەوە
توركیا بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش تاووتوێدەكات
پەیام
دادگای توركیا لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێكردنی بڕیاری دادگای مافەكانی مرۆڤە لەبارەی ئازادكردنی سیاسەتمەداری دیاری كورد سەڵاحەدین دەمیرتاش كە سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە.
یەڵماز تونچ وەزیری دادی توركیا لە كاتی گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی وەزارەتەكەی بۆ ساڵی 2026 لە پەڕلەمان، ڕووبەڕووی پرسیارێك سەبارەت بە چارەنووسی دەمیرتاش بووەوە؛لەوبارەوە وتی: بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەلایەن دادگای تایبەتمەندەوە هەڵدەسەنگێنرێت و لایەنە پەیوەنددارەكانیش داواكارییەكانیان پێشكەش كردووە، بۆ ئێمە جێگەی باس نییە كە دەستوەردان لە ڕێكارە دادوەرییەكاندا بكەین، یان وەزارەتی داد دەستوەردان بكات.
داواكاری ئازادكردنی دەمیرتاش لە ماوەی مانگەكانی ڕابردوودا بەردەوام ئامادەیی هەبووە، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی متمانەی لایەنی كوردی بە پڕۆسەی ئاشتی؛ ئەوەش بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی پارتی "یەكسانی و دیموكراسی گەلان" (دەم پارتی) كە سەركردایەتیی هەوڵەكانی نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرە و ئۆجەلان دەكەن.
سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی توركیا ڕایگەیاند: شاندێكی ئەو پارتەی كە نوێنەرایەتیی زۆربەی كوردانی توركیا لە پەڕلەمان دەكات، بەنیازن لەمیانی كۆبوونەوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری داد كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە بچێت و هێشتا وادەكەی بەتەواوەتی دیاری نەكراوە، جارێكی دیكە داواكاری ئازادكردنی دەمیرتاش بخەنە ڕوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە