1 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا.. لە 2025 دا 40 هەزار قوربانی توندوتیژی چەكداری تۆماركراوە
پەیام
ئامارە سەرەتاییەكان لە ئەرشیفی توندوتیژی چەكدارییەوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەریانخستووە، لە ساڵی 2025دا، نزیكەی 40 هەزار قوربانی بە گوللە لە ئەمریكا پێكراون، كە زیاتر لە 14 هەزار و 600 كەسیان كوژران و 26 هەزار و 100 كەسی دیكەیان برینداربوون.
بە پێی داتاكان نزیكەی 407 حاڵەتی تەقەكردنی بەكۆمەڵ لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕوویداوە، كە ئەو ڕووداوانە بە جۆرێكە، چوار كەس یان زیاتری تێدا كوژراوە یان بریندار بووە، بەبێ هەژماركردنی كوژران یاخود برینداركردنی تەقەكەرەكە.
ئامارەكان ئاماژەیان بەوە داوە، لە ساڵی 2025دا 224 منداڵ بە فیشەك كوژراون، كە تەمەنیان لە 11 ساڵ تێپەڕی نەكردووە، 461 منداڵی دیكەی هەمان تەمەن لەو ساڵدا برینداربوون، هەروەها هەزار و 30 نەوجەوانیش كە تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 17 ساڵدایە كوژراون و دوو هەزار و 733ی دیكەش بریندار بوون.
بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەكانی ناوەندی كۆنترۆڵی نەخۆشییەكان لە ئەمریكاش زیاتر لە 24 هەزار كەس بەهۆی تەقەكردن لەخۆیان لە 2025دا گیانیان لەدەست داوە.
دەزگا ڕاگەیاندنە نیوخۆییەكانیش ڕایانگەیاندووە: لەگەڵ كەمبوونەوەی ڕێژەی مردن و برینداربوون بەهۆی تەقەكردنەوە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، بەڵام لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 40 هەزار كەس بە فیشەك كوژراون و بریندار بوون، جگە لە حاڵەتەكانی خۆكوشتن، كە ئەوەش زیاتر لە 110 كەس دەكات لە ڕۆژێكدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە