2 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
هیندستان.. خواردنەوەی ئاوى پیس نۆ کەسى کوشت و 200ی دیكەى ڕەوانەى نەخۆشخانە کرد
پەیام
بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس و ژەهراویبوونەوە نۆ كەس لە شاری ئیندۆر لە هیندستان گیانیانلەدەستدا و 200 كەسی دیكەش ڕەوانەی نەخۆشخانە كران.
بەپێی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، پەرلەمانتار كایلاش ڤیجایڤارجیا ڕایگەیاندووە: ژمارەی ئەو مردنانەی تاوكو ئێستا پشتڕاستكراونەتەوە گەیشتووەتە نۆ كەس؛ هاوكات مادهاڤ پراساد حەسەنی، گەورە بەرپرسی پزیشكی لە ئیندۆر، ڕوونیكردەوە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەریانخستووە، بەهۆی دزەكردنەوە لە یەكێك لە هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو، ئاوی خواردنەوە لە ناوچەی "باگیراسپور" پیس بووە، جەختیشی كردووەتەوە، پشكنینەكانی ئاوەكە بوونی بەكتریای زیانبەخشیان نیشان داوە، ئاماژەی بەوەشداوە، زیاتر لە 200 كەسی هەمان ناوچە لە نەخۆشخانە جیاجیاكانی شارەكەدا چارەسەر وەردەگرن.
شەراڤان ڤێرماش، بەرپرسی كارگێڕی ناوخۆیی ڕایگەیاند: لە كاتێكدا تیمە تەندروستییەكان بەردەوامن لە چاودێریكردنی بارودۆخەكە بۆ ئەگەری دەركەوتنی حاڵەتی نوێ، دەسەڵاتداران تاوكو ئێستا پشكنینیان بۆ نزیكەی هەشت هەزار و 571 كەس كردووە و 338 حاڵەتیش تۆماركراون كە بەدەست نیشانەی سووكەوە دەناڵێنن.
ڕووداوەكە دەنگدانەوەیەكی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوەی شاری ئیندۆر، كە دەكەوێتە ویلایەتی "مادیا پرادیش"، لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا لە پێشەنگی ڕیزبەندییەكانی پاكوخاوێنیی نیشتمانیی هیندستاندا بووە و چەندین جار وەك پاكترین شاری وڵاتەكە هەڵبژێردراوە؛ ئەمەش وای كردووە سەرەڕای ئەو ناوبانگەی شارەكە، پرسیار لەبارەی سەلامەتیی ژێرخانی ئاوەوە بێتە ئاراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە