2 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
دانەغاز لەگەڵ هاوبەشەكانی غاز بۆ پیشەسازییەكانی هەرێم دابین دەكەن
پەیام
كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند كە لەگەڵ كۆمپانیا هاوبەشەكانیدا، گرێبەستێكی گرنگیان بە ئامانجی غازی سروشتی بۆ پیشەسازییەكان لە هەرێمی كوردستان واژوو كردووە، لەنێوانیاندا پیشەسازییەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی كیمیاییەكان، چیمەنتۆ و بەرهەمهێنانی ئاسن.
كۆمپانیاكە لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بۆ 10 ساڵ، دەست بە كڕینی رۆژانە نزیكەی 142 ملیۆن پێی سێجا دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە ئەو بڕە غازەی كە بۆ پیشەسازییەكان دابین دەكرێت لە كێڵگەی گازی چەمچەماڵ بەرهەم دەهێندرێت.
لەئیستادا، كێڵگەی غازی چەمچەماڵ لە قۆناغی پەرەپێدانە و لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بۆریی گواستنەوەی غاز بۆ كارگەكانی چیمەنتۆ و كارگەكانی دیكە ڕادەكێشرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەكە بەشێك لە بۆرییەكە بە درێژایی 40 كیلۆمەتر لە كێڵگەی چەمچەماڵەوە ڕادەكێشرێت بۆ ناوچەی پیشەسازیی بازیان و كارگەكانی چیمەنتۆ.
گرێبەستی فرۆشی غاز لەنێوان دانەغاز و هاوبەشەكانی لەگەڵ هەریەكە لە كارگەكانی چیمەنتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێلتا، چیمەتۆی گاسن و چیمەنتۆی سلێمانی واژۆكراوە كە هەموویان دەكەونە ناوچەی پیشەسازیی بازیان لە پارێزگای سلێمانی.
هەروەها گرێبەستی فرۆشی غاز لەگەڵ كارگەی ئاسنی ڤان واژۆكراوە كە دەكەوێتە پارێزگای هەولێر.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە