1 کاتژمێر پێش ئێستا
1484 جار خوێنراوەتەوە
سبەی پەرلەمانی عێراق سەرۆككۆمار هەڵدەبژێرێت و كورد بە پەرتەوازەیی بەشدارە
پەیام
سبەی لەناو پەرلەمانی عێراق، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق بەڕێوەدەچێت، كورد چەندین كاندیدی هەیە، سوننە بووەتە دوو بەشەوە و شیعەكانیش ئەمشەو كۆدەبنەوە.
بڕیارە سبەی كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێ ، دانیشتنەكەش تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە 19 كاندیدی هەیە، كاندیدەكان بەشێكیان كوردن و سوننە و شیعەشیان تێدایە.
لەنێو كاندیدەكاندا پارتی دوو كاندیدی هەیە، ئەوانیش فواد حسێن و نەوزاد هادین، یەكێتیش بە فەرمی (نزار ئامێدیی) بۆ پۆستەكە پاڵاوتووە بەڵام هەریەك لە لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق و عەبدوڵڵا عالیاوایی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیران و ئاسۆ فەرەیدون، پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حزبە خۆیان پاڵاوتووە.
هەروەها دكتۆر موسەنا ئەمینیش كاندیدی فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێستە.
بەپێی نەریتی سیاسیی لە عێراقدا، سەرۆككۆمار پشكی كوردە بەڵام لایەنەكان یەكلا نین لەوەی دەنگ بە كێ دەدەن. سوننەكان بوون بە دوو بەشەوە، بەشێكیان دەنگ بە فواد حسێن، كاندیدی پارتی و بەشێكیشیان دەنگ بە نزار ئامێدی، كاندیدی یەكێتی دەدەن.
هەرچی دەربارەی شیعەكانیش كە زۆرنەی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیە، بەپێی زانیارییەكان ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر دەنگدان بە كاندیدان دەكات، بەڵام چاوەڕێ ناكرێت بتوانن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو یەكلا ببنەوە و ئەگەری هەیە پەرلەمانتارانی خۆیان سەرپشك بكەن لەوەی دەنگ بە كێ دەدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە