1 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم: ڕژێمى پێشووى عێراق بە بڕى زیاترلە 384 ملیار دۆلار زیانى پێگەیاندووین
پەیام
حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان دەڵێت: پێویستە حكومەتی عێراق بە زیاتر لە 384 ملیار دۆلار قەرەبووی خەڵكی كوردستان بكاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ڕایگەیاند: هەرێم خەمڵاندنی بۆ زیانی تاوانەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 كردووە و، بۆی دەركەوتووە كە ڕژێمی پێشوو 384 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زیانی بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی گەیاندووە.
حكومەتی ماوەبەسەرچوو ڕاشیگەیاندووە: بەپێی ماددەی 112 و 132ـی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، حكومەتی ئێستای عێراق كە میراتگری ڕژێمەكانی پێشووە، دەبێت قەرەبووی خەڵكی كوردستان بكاتەوە.
ورووژاندنی ئەم بابەتە لەكاتێكدایە كە كۆتایی مانگی 1 ی ساڵی 2026ـە، كەچی دوایین مووچە كە فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان وەریان گرتووە مووچەی مانگی 10 ی ساڵی 2025 بووە.
پێشتریش لە ساڵی 2021 شاندێكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ لایەنی عێراقی هەمان داوكارییان ئاراستە كرد و، داوای قەرەبووی زیانەكانی بەعسیان كردەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە