2 کاتژمێر پێش ئێستا
374 جار خوێنراوەتەوە
پێشوازییەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لە دانوستانەكانی ئەمریکا و ئێران دەكرێت
پەیام
هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان پێشوازی لە دانوستانەكانی مەسقەت دەكەن و جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی دەكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە تەقینەوەی بارودۆخی ئەمنی و هەڵگیرسانی جەنگی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا.
هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن لە عومان، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە ناوچەییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا بۆ هاوكاریكردن لە چارەسەركردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، بەو مەرجەی واشنتۆن و تاران بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
لاڤرۆڤ هۆشداریشی دا كە دۆخی ئێستای ئێران مەترسی تەقینەوەیەكی گەورەی لێدەكرێت كە ڕەنگە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، و جەختی كردەوە، وڵاتەكەی بەرامبەر پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان بێدەنگ نابێت.
لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی میسر پشتیوانی خۆی بۆ دانوستانەكان ڕاگەیاند و دووپاتی كردەوە، كە چارەسەری دیپلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان.
چین-یش پشتیوانی بۆ سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەربڕی و ئاماژەی بە كۆبوونەوەی بەرپرسانی هەردوو وڵات كرد لە پەكین بۆ تاووتوێكردنی دۆخەكە.
هاوكات، فەرەنسا داوای لە تاران كرد سوود لەم دەرفەتەی مەسقەت وەربگرێت و ئامادەیی نیشان بدات بۆ پێشكەشكردنی سازش لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكەیدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە