1 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجومەنی سەربازی بوركینافاسۆ سەرجەم پارتە سیاسییەكانی وڵاتەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە
پەیام
بە پاساوی ئەوەی فرەحزبی بووەتە هۆی دابەشبوونی هاووڵاتییان و لاوازبوونی بنەما كۆمەڵایەتییەكانی ئەو وڵاتە، ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتدار لە بوركینافاسۆ بڕیاری دا سەرجەم پارتە سیاسییەكانی وڵاتەكەی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتدار لە بوركینافاسۆ ڕایگەیاند، بەنیازن سەرجەم پارتە سیاسییەكانی وڵات هەڵبوەشێننەوە، ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە چالاكییە سیاسییەكان لە دوای كودەتاكەی ئەیلوولی 2022 و هاتنەسەركاری ئیبراهیم تراورێ بە ڕاگیراوی مابوونەوە.
سەرۆكایەتی وڵات لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە فرەحزبی بووەتە هۆی "لادان و دابەشبوونی هاووڵاتییان" و لاوازكردنی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی وڵاتەكە.
لای خۆیەوە ئیمێل زیربۆ، وەزیری كارگێڕی هەرێمی بۆركینافاسۆ ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی پارتەكان بەمزووانە ڕەوانەی كۆمەڵەی یاسادانانی ڕاگواستن دەكرێت و بەپێی بڕیارەكە، سەرجەم سەروەت و سامانی ئەو پارتانەی هەڵدەوەشێنرێنەوە، دەبێتە موڵكی دەوڵەت.
ئەم هەنگاوە وەك هەوڵێك بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای ئەنجومەنی سەربازی و كۆتاییهێنان بە فرەیی سیاسی لە بوركینافاسۆ دەبینرێت، ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر پاشەڕۆژی دیموكراسی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنی لەو وڵاتەدا دروست دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە