2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
ئـ.یسرائیل ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی دیلە فەلەستینییەکان دەكات
پەیام
بەرپرسانی زیندانەكانی قەوارەی زایۆنی بۆ جێبەجێكردنی یاسای لەسێدارەدان بەسەر دەستگیركراوە فەڵەستینییەكاندا ئامادەكاری دەكەن.
كەناڵی 13ی زایۆنی بڵاوی كردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەكانی قەوارەكە لەم ڕۆژانەی دواییدا ئامادەكاریی دەستپێكردووە بۆ جێبەجێكردنی یاسای سزای لەسێدارەدان بەسەر دیلە فەڵەستینییەكاندا، كە لەلایەن حكومەتی قەوارەكەوە تۆمەتبار كراون بە هێرش یان پلاندانان بۆ هێرش، ئەمەش دوای ئەوەی كە لە پەرلەمانی زایۆنی "ناسراو بە كنێست" خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاساكە كراوە.
كەناڵەكە بلاوی كردووەتەوە، حكومەت پلانی داناوە، كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان دروست بكات، ڕێكاری پێویستی بۆ دەگرێتە بەر، كادرانی بۆ پێ دەگەیەنێت و سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانەش وەردەگرێت كە ئەم سزایە جێبەجێ دەكەن.
بەرپرسانی قەوارەی زایۆنی ڕاشیدەگەیەنن، پێویستە لە دوای 90 ڕۆژەوە لە دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ دیلەكان، سزاكە جێبەجێ بكرێت.
ئەم یاسا نوێیەی قەوارەی زایۆنی دەنگدانەوەی گەورەی لەناو خەڵكی فەڵەستین و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤدا دروست كردووە، بەرپرسانی قەوارەكەش دەڵێن یاساكە سەرەتا بەسەر ئەندامانی هێزی نوخبەی بزووتنەوەی حەماسدا جێبەجێ دەكرێت كە لە ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 بەشدار بوون، دواتریش سزاكە ئەو دیلانە دەگرێتەوە كە بە ئەنجامدانی هێرش لە كەناری خۆراوا تۆمەتبار كراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە