2 کاتژمێر پێش ئێستا
73 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى وشکبوونیانەوە هۆڕەكانی عێراق مەترسیی دەرهێنانیان لە لیستی یونسكۆ هەیە
پەیام
پارێزگاری میسان زەنگی مەترسییەكی گەورەی لێ دا و ڕایگەیاند: هۆڕەكانی عێراق بە تەواوی وشكیان كردووە و مەترسیی دەركرانیان لە لیستی یونسكۆ هەیە.
حەبیب ئەلفەرتووسی پارێزگاری میسانی باشووری عێراق هۆشداری دا لە تێكچوونێكی ژینگەیی زۆر سەخت، سەرەڕای ئەوەی هۆڕەكان لە لیستی كەلەپووری جیهانیی ڕێكخراوی یونسكۆدا تۆمار كراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەم ناوچانە ماوەیەكی درێژە تەنانەت یەك مەتر سێجا ئاویان بۆ نەنێردراوە، ئەمەش بووەتە هۆی خراپترین حاڵەتی وشكەساڵی لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای چەندین نووسراو و داواكاریی فەرمی بۆ لایەنە حكومییەكان بە مەبەستی ڕزگاركردنیان.
پارێزگاری میسان ڕوونیشیكردەوە، كە دانیشتووانی ناوچەكە هیوایان وابوو ناسنامە نێودەوڵەتییەكەی یونسكۆ ببێتە هۆی دابینكردنی پشكی ئاوی جێگیر بۆ پاراستنی سیستەمی ژینگەیی و كشتوكاڵ، بەڵام حكومەتی فیدراڵی پابەند نەبووە بە دابینكردنی ئاوی پێویست.
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات، لە ساڵانی دواییدا نزیكەی 80%ی ڕووبەری هۆڕەكان لەدەستچووە، ئەمەش بووەتە هۆی پەككەوتنی كشتوكاڵ و كۆچی دانیشتووان بۆ ناوچەكانی تر.
ئێستا مەترسییەكی ڕاستەقینە هەیە، كە ئەگەر ئەم تێكچوونە بەردەوام بێت، هۆڕەكان بە یەكجاری لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەربكرێن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە