2 کاتژمێر پێش ئێستا
133 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ئەمریكا لە سزاوە تا جەنگی لەگەڵمان تاقیکردووەتەوە، بەڵام ئەنجامى نەبووە
پەیام
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئەمریكا داوای لێ نەكردووین پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستی سفر دابەزێنین، دەشڵێت، "ئیدارەکانى پێشووى ئەمریكا لە سزاوە تا جەنگی لەگەڵمان تاقیکردووەتەوە، بەڵام ئەنجامى نەبووە".
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە دانوستانەكانی جنێڤدا ئەمریكا داوای لێ نەكردوون بە تەواوی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببن. عەراقچی دەڵێت: نە ئیمە پێشنیازی ڕاگرتنمان كردووە و نە ئەمریكاش داوای "سفڕ پیتاندن"ـی كردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: زمانی هەڕەشە و بژاردەی سەربازی لەگەڵ تاران سوودی نییە. ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا هەموو ڕێگەیەكیان تاقیكردەوە لە سزاوە تا جەنگ، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
عەراقچی هەروەها ڕایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەكەیان بە هەوڵی زانایانی ناوخۆیی بنیات نراوە و بە بۆردوومان و هێرشی سەربازی لەناو ناچێت، گفتوگۆكانیش لەگەڵ واشنتۆن تەنها بۆ زامنكردنی مانەوەی بەرنامەكەمانە بە شێوەیەكی ئاشتییانە.
لە بەرانبەردا، نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم بەڵگەیە بۆ نەبوونی نیازپاكیی ئێران و هەوڵدان بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی، بۆیە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر "سفڕكردنەوەی پیتاندن" دەكاتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە