2 کاتژمێر پێش ئێستا
175 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمریکاوە، ئێران جوڵەی هاوشێوەی دەستپێكردووە
پەیام
بەهۆی جموجۆڵە سەربازییەكانی واشنتۆنەوە لە ناوچەكە، ئێران جوڵەی هاوشێوەی دەستپێكردووە و هێزەكانی لە چەند ناوچەیەك جوڵە پێكرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە ڕێكخراوی هەنگاو بڵاوی كردووتەوە، هێزە چەكدارەكانی ئێران دەستیان بە گواستنەوەی چەكی قورس و نیوە قورسەكانیان بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشتر ئامانجی جەنگی 12 ڕۆژە بوون كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران بە چەكی قورس و نیوە قورسەوە لە ناوچە سنوورییەكانی قەسری شیرین، سەلاسی باوەجانی، مەریوان، سەردەشت، پیرانشار و شنۆ جێگیر كراون. هاوكات، لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تەواوی هێزە چەكدارەكان خراونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە، كە چەندین بارهەڵگری سەربازیی سەر بە سوپای پاسداران، شەوانە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخی مەریوانەوە بەرەو ناو خاكی هەرێمی كوردستان تێپەڕیون.
ئەمە لە كاتێكدایە تا دێت هۆشداری و جموجۆڵە سەربازییەكانی واشنتۆن لە ناوچەكە توند دەبێتەوە و هەر ساتێك ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران لە ئارادایە و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەڵێنی وەڵامدانەوەی گونجاویان بۆ هەر هێرشێك داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە