2 کاتژمێر پێش ئێستا
89 جار خوێنراوەتەوە
هەزاران فەڵەستینی لە یەكەم هەینیی ڕەمەزاندا لە گەیشتن بە مزگەوتی ئەقسا بێبەشكران
پەیام
بەهۆی ڕێكارە توندەكانی قەوارەی زایۆنی، هەزاران فەڵەستینی لە یەكەم هەینیی ڕەمەزاندا لە گەیشتن بە مزگەوتی ئەقسا و نوێژكردن تێیدا بێبەش كران.
ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانی یەكەم نوێژی هەینی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، هەزاران فەڵەستینی ڕوویان لە مزگەوتی ئەقسا كرد، بەڵام ڕووبەڕووی ڕێكارە توندەكان و گەمارۆی هێزەكانی داگیركەری زایۆنی بوونەوە، كە بەتایبەت ڕێگرییان لە دانیشتووانی كەناری خۆراوا دەكرد.
بەپێی میدیا زایۆنیەكان، هێزە ئەمنییەكان لە دەروازەكانی شار و كۆڵانەكانی قودسی كۆن بڵاوەیان پێكراوە، سێ هەزار پۆلیس لە ناوچە جیاوازەكان جێگیركراون. تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ڕایگەیاند كە تا كاتەكانی بەیانی تەنیا دوو هەزار فەڵەستینی توانیویانە لە بازگەی قەلەندیاوە تێپەڕن.
لای خۆیەوە پارێزگای قودس ئاماژەی بەوە كردووە كە هەزاران هاووڵاتی لە بازگەی قەلەندیا گیریان خواردووە و سوپا بە بیانووی "تەواوبوونی ژمارەی ڕێپێدراو" ڕێگرییان لێ دەكات.
هاوكات، سوپای زایۆنی باری نائاسایی و ئامادەباشی لە هێڵەكانی نێوان كەناری خۆراوا و قودس ڕاگەیاندووە.
ئەمەو پێش دەستپێكردنی جەنگی سەر كەرتی غەززە، ژمارەی نوێژخوێنانی ڕۆژانی هەینی لە 200 هەزار كەس زیاتر بوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی لەناو شاری قودسدا سەپێنراون، ژمارەی ئەو نوێژخوێنانەی دەتوانن بگەنە ناو مزگەوتی ئەقسا لە 60 هەزار كەس تێپەڕ ناكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە