1 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
ئێران داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات ئەمریكا لە هەرەشەكانی بوەستێنن
پەیام
ئێران هۆشداری دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەڕەشە بەردەوامەكانی ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی هێز. جەختیش دەكاتەوە: هەر هێرشێك بكرێتە سەریان، بەشێوەی گونجاو وەڵامی دەدەنەوە.
لە نامەیەكدا كە ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاڕاستەی ئەمیندایی گشتیی ڕێكخراوەكەی كردووە، ئاماژەی بە لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی دیكەی ئەمریكا لەبارەی هێرشكردنە سەر ئێرانەوە داوە و ڕایگەیاندووە: جارێكی دیكە دەمەوێ بەپەلە سەرنجی ئێوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ڕابكێشم بۆ هەڕەشەی بەردەوامی بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێز. ناكرێت وەك لێدوانێكی سیاسیی ئاسایی قسەكانیان تێبپەڕێت، بەڵكو دەربڕینی ڕاستەقینەی هەڵگیرسانی دوژمنكاریی سەربازییە دژی ئێران.
ڕاشیگەیاندووە: هەر جۆرە دوژمنكارییەك دژی ئێران، كارەسات لە ناوچەكە دەنێتەوە و هەڕەشەی مەترسیدارە لەسەر ئاسایش و ئەمنی نێودەوڵەتی. جوڵەكانی ئەمریكاش ئەگەری گرژییەكان زیاتر دەكەن.
ئیروانی دەڵێت: بەدوای جەنگ یان گرژییدا ناچین، دەستپێشخەریش بۆ كردەی سەربازی ناكەین بەڵام ئەگەر هێرشی بكرێتە سەر ئەوا ئێران مافی بەرگری لەخۆكردنی بەكاردەهێنێت، هەر پێشهاتێكی چاوەرواننەكراویش ڕووی دا، ئەوا بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ و تەواوەتی لە ئەستۆی ئەمریكا دەبێت.
نوێنەرەكەی ئێران داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە پێش ئەوەی كات بەسەربچێت، جوڵەی بەپەلە بكەن و ئەمریكا لە هەرەشەكانی بوەستێنن و ڕێگە بگرن لەوەی ناوچەكە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرفراوان بچێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە