2 کاتژمێر پێش ئێستا
126 جار خوێنراوەتەوە
ئۆجەلان جەخت لە دەستپێكردنی قۆناغی بونیادنانی دیموكراسی و ئاشتی دەكاتەوە
پەیام
شاندێكی دەم پارتی پەیامی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا جەخت لە كۆتاییهێنان بە قۆناغی چەكداری و دەستپێكردنی قۆناغی بونیادنانی دیموكراسی و ئاشتی لە توركیادا دەكاتەوە.
شاندی ئیمراڵی و پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چالاكییەكدا لە ئەنقەرە بەبۆنەی یەكەمین ساڵیادی "بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی"، پەیامێكی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان خوێندنەوە. پەیامەكە لە كۆبوونەوەی رۆژی 16ی شوباتی 2026 لە زیندانی ئیمراڵی وەرگیراوە.
ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، كە قۆناغی یاخیبوون و توندوتیژی كۆتایی هاتووە و ئێستا كاتی "بونیادنانی پۆزەتیڤ" و سیاسەتی دیموكراتییە.
جەختیشی كردووەتەوە، كە بڕیاری كۆتاییهێنان بە ستراتیژی چەكداری، نیشانەی ئاشتبوونەوەی زەینییە لەگەڵ كۆماردا. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی، ئۆزگور ئۆزێل و كەسایەتییەكانی دیكە كردووە كە بەشدارن لەم پرۆسەیەدا.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە: "بەبێ كورد تورك نابێت و بەبێ تورك كورد نابێت"، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ پێویستی پێكەوەژیان لە چوارچێوەی "كۆماری دیموكراتی" و هاوڵاتیبوونی دەستووری كە تێیدا مافی زمان و ناسنامەی هەمووان پارێزراو بێت.
ئۆجەلان رۆڵی ژنانی بە بزوێنەری سەرەكی ئەم گۆڕانكارییە ناوبردووە و داوای كردووە یاسای ئاشتی و گەرەنتی یاسایی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە دابین بكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە