2 کاتژمێر پێش ئێستا
286 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا هۆشداریى توند دەداتە سووریا تەكنەلۆژیای چینی بەكارنەهێنێت
پەیام
ئەمریكا هۆشداری توند دەداتە سوریا لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای چینی لە كەرتی پەیوەندییەكاندا و دەڵێت ئەم هەنگاوە دەبێتە هەڕەشەی جدی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی و ناوچەكە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لە سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە وەری گرتووە، ئەمریكا هۆشداریی داوەتە حكومەتی سوریا كە چیتر لە كەرتی پەیوەندییەكاندا پشت بە تەكنەلۆژیای چینی نەبەستێت، چونكە واشنتۆن پێی وایە ئەم هەنگاوە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنێت.
ئەم هۆشدارییە لە كۆبوونەوەیەكی نهێنیدا لە شاری سان فرانسیسكۆ، لە نێوان شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و عەبدولسەلام هەیكەل، وەزیری پەیوەندییەكانی سوریا ئاراستە كراوە. لایەنی ئەمریكی داوای ڕوونكردنەوەی كردووە سەبارەت بە پلانی كڕینی ئامێری چینی و داوای لە دیمەشق كردووە پەنا بۆ تەكنەلۆژیای ئەمریكی یان وڵاتانی هاوپەیمان ببات.
واشنتۆن باسی لەوە كردووە كە یاساكانی چین رێگە بە دەزگا ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە دەدەن دەستیان بە زانیاریی كۆمپانیاكان بگات، ئەمەش وا دەكات ئامێرەكانیان "ناپارێزراو" بن.
لە بەرامبەردا، دیمەشق جەختی كردووەتەوە كە بڕیارەكانی ژێرخانی وڵات بەپێی پێوەرە تەكنیكی و ئەمنییە نیشتمانییەكان دەدرێن. ئێستا زیاتر لە نیوەی ژێرخانی كۆمپانیاكانی "سیریە تێل" و "ئێم تی ئێن" لە سوریا پشت بە ئامێرەكانی كۆمپانیای هواوی دەبەستن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە