2 کاتژمێر پێش ئێستا
193 جار خوێنراوەتەوە
زانایەكی كوردی ناودار و گەورەی جیهان لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد
پەیام
جەلال ساڵحی، كە یەكێكە لە زانا كوردە ناودار و گەورەكانی جیهان و یەكەم كەس بووە ئۆتۆمبێلی كارەبایی دروستكردووە، لە تەمەنی 101 ساڵیدا لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد.
جەلال ساڵحی كە ناوی تەواوی جەلال كوڕی حاجی تۆفیقی ئاغا فەتحوڵڵایە و لە ساڵی 1925 لە دایك بووە، لە بنەماڵەیەكی بەناوبانگی شاری سلێمانییە و خانەوادەكەیان لەسەردەمی بابانەكانەوە تا ئێستا، لە سلێمانییدا پێگەی تایبەت و بەرچاویان هەبووە.
ناوبراو قۆناغەكانی خوێندنی لە سلێمانی و هەولێر و كەركووك تەواو كردووە، ساڵی 1945 حكومەتی پاشایی ئەوكاتی عێراق، بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس ناردوویەتی بۆ لەندەن، ماستەر و دكتۆرای لە زانكۆی كالیفۆرنیا تەواو كردووە.
دكتۆر جەلال دواتر لە كۆمپانیای (جەنەراڵ مۆتۆرز) دەستی بەكار كردووە و لە ئەمریكا شۆڕشێكی زانستیی گەورەی بەرپا كردووە و توانیویەتی باتری كارەبایی بۆ ئۆتۆمبێل دابهێنێت، یەكەم كەسیش بووە ئۆتۆمبێلی كارەبایی دروستكردووە، بەڵام كۆمپانیاكە جۆرێك فێڵیان لێی كردووە و واژۆیان پێكردووە تاكو هەموو داهێنانە زانستییەكانی، بەناوی كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕەوە بڵاو بكاتەوە.
ناوبراو لە بواری ئاسانسۆر و تەلەفۆنات و زۆر زانستی دیكەشدا، چەندین داهێنانی پێشكەش بە مرۆڤایەتیی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نە حكومەتی هەرێم و نە عێراق، هیچ ڕێزلینانێكیان بەو زانایە نەبەخشیوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە