2 کاتژمێر پێش ئێستا
374 جار خوێنراوەتەوە
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت كارەكانیان لە هەرێم ڕادەگرن
پەیام
بەهۆی جەنگی سەر ئێران و ئەگەرەكانی فراوانبوونی گرژییەكانەوە، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانیان لە سێ كێڵگەی نەوتی ڕاگرت.
كۆمپانیای شاماران كە لە كێڵگەكانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشكە و بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای (ئێچ كەی ئێن) كێڵگەكان بەڕێوە دەبەن، بڵاوی كردووەتەوە: ئاگادار كراونەتەوە كارەكانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن.
كۆمپانیاكە دەڵێت: بەهۆی تێكچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكەوە و بەمەبەستی خۆپاراستن، بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە.
هاوكات كۆمپانیای گەڵف كێستۆن، كە كێڵگەی نەوتیی شێخان-ی بەدەستەوەیە و بەرهەمێكی زۆری نەوتی هەیە، ئەویش ڕایگەیاند: بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە و بە ئامانجی خۆپاراستن، بەرهەمهێنانی نەوتی وەستاندووە.
ئەم هەنگاوە لەكاتێكدایە ڕۆژی شەممە كۆمپانیای داناغاز كاركردنی لە كێڵگەی غازی سروشتیی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی ڕاگرت. ئەمەش كێشەی گەورەی بۆ كارەبای هەرێمی كوردستان دروست كردووە و لە سەرجەم ناوچەكان كارەبا بڕا یان چەند كاتژمێرێكی كەم دابین دەكرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە