2 کاتژمێر پێش ئێستا
159 جار خوێنراوەتەوە
سی ئێن ئێن: ئهمریكا ههوڵی پڕچهككردنی "حزبهكانی كوردییهكان ڕۆژههڵات" دهدات
پهیام
لە هەوڵێکدا بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕینى جەماوەری لە ناوچە کوردییەکان و وەک هەنگاوێک بەرەو ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، ئەمریکا دەیەوێت حزبەکانى ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە پڕچەک بکات و ڕەوانەی رۆژهەڵاتیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی وردی ئاژانسی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا کار بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەکات، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەش فشارە لەسەر دەسەڵاتی ئێستای ئێران و بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەرییە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوخۆدا، هەروەها بەپێی سەرچاوەکان، ئیدارەی تڕەمپ لە گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆیان.
سی ئێن ئێن دەڵێت: ئێستا حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات خاوەنی هەزاران چەکدارن کە لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیرن، لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانیشەوە، چەند لایەنێکیان بەیاننامەی فەرمییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بە نزیکبوونەوەی«ئۆپەراسیۆنی سەربازی» لەناو خاکی ئێراندا کردووە، هاوکات داوایان لە هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی ئێرانیش کردووە ڕیزەکانی سوپا جێبهێڵن.
لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئەو حزبانە و بنکەکانیانی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی بۆ کردوون، چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ئێرانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنیی زەمینی لە ڕۆژئاوای ئێران دەست پێ بکەن، هەروەها سەرچاوەکە رایگەیاندووە: حزبە چەکدارەکانى ڕۆژهەڵات پێیان وایە ئێستا دەرفەتێکی گەورەیە و چاوەڕوانی پاڵپشتیی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن".
ئەمە لەکاتێکدایە دوناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی ڕابردوودا پەیوەندی بە کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتییەوە کردووە و ئەو حزبانەش پەیوەندییەکەیان پشتڕاست کردوەتەوە، بەپێی هەواڵی ئاژانسە ئەمریکییەکە، سەرۆکی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی، تاوتوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناو ئێران و چۆنیەتیی هەماهەنگیی نێوانیانی کردووە، راشگەیەنراوە، جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستی بە هاوکاریی کوردانی عێراق هەیە تا ڕێگە بدەن چەکەکان لە خاکەکەیانەوە تێپەڕێت و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەک بۆ دەستپێکی هێرشەکان بەکار بهێنرێت.
بەو پێیەی چەند رۆژێکە ئێران بۆردومانی چڕی بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانەى ڕۆژهەڵات لەناو هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو وڵاتە هەڕەشەکەی بە جددی وەرگرتووە و ئێرانیش هۆشداری دایە عێراق کە ئاسایشی سنوورەکانیان پارێزراو بێت و ڕێگری بکرێت لە هەر جموجووڵێکی چەکداری.
حزبە چەکدارەکانى ڕۆژهەڵات ئامادەکارییان بۆ جووڵە کردووە وەک ئاژانسە ئەمریکییەکە ئاشکرای کردووە، چەند رۆژی داهاتوو جووڵە دەکەن، بەڵام دیار نییە ئایا دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک هەماهەنگ و هاوکاری ئەو جووڵە سەربازییە لە دژی ئێران دەبێت و بێلایەنی خۆی بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدەست دەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە