1 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
لە هێرشێکى ئاسمانییدا بۆسەر بارەگایەکی حەشد لە قائیم؛ ٢٠ چەکدار کوژران
لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای زایۆنی بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و قائیم، ٢٢ چەکدار کوژران و دەیانی دیکە بریندار بوون؛ تا ئێستاش لایەنە فەرمییەکان بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
لە هێرشێکى نوێدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای زایۆنی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە دوو ناوچەی جیاوازی عێراق. سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد کە قورسترین هێرش کراوەتە سەر ناوچەی قائیم، کە بەهۆیەوە ٢٠ چەکداری حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی قائیم، شاری کەرکووکیش پشکی لەو بۆردومانانە بەرکەوت. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، بارەگایەکی فەوجی تایبەتی لیوای ١٥ی سەر بە حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدر و لە نزیک زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە بووەتە هۆی تێکشکانی بەشێکی بارەگاکە.
سەرچاوە ئەمنییەکان لە شارەکە ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی سوپای زایۆنی بۆ سەر بارەگای لیوای ١٥، ٢ چەکدار کوژراون و ٣ چەکداری دیکەش بە سەختی بریندار بوون. کۆی گشتی قوربانیانی هەردوو هێرشەکە لە کەرکووک و قائیم گەیشتووەتە ٢٢ کوژراو و ژمارەیەکی زۆر لە بریندار کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە.
سەرەڕای گەورەیی هێرشەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان، تا ئێستا دەستەی حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی وردەکاریی زیانەکان یان چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی سوپای زایۆنی بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم هەڵکشانی زیاتری ئاڵۆزییە سەربازییەکاندایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە