2 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
تڕەمپ: ئێران هێرش بكاته سهر قهتهر؛ كێڵگه غازییهكانی وێران دهكهین
پهیام
دۆناڵد تڕەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتی کێڵگەی غازی "پارسی باشوور" ی ئێران دەکات لە ئەگەری بە ئامانجگرتنی وڵاتانی بێتاوان.
لە پەرەسەندنێکی نوێدا، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئێران جارێکی دیکە دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی دراوسێ و "بێتاوان" ی وەک قەتەر بکاتە ئامانج، ئەوا ئەمریکا بە هێزێکی وێرانکەرەوە تەواوی کێڵگەی غازی "پارسی باشوور" لەناو دەبات. تڕەمپ جەختی کردەوە کە نایانەوێت ململانێکان پەرەبسێنن، بەڵام هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر دابینکردنی وزەی جیهانی، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە رووبەڕوو دەبێتەوە.
سەبارەت بەو هێرشەی کە کرایە سەر کێڵگەی غازی ئێرانی، تڕەمپ پەردەی لەسەر ڕاستییەکان لادا و ئاشکرای کرد کە سوپای زایۆنی بە تەنیا هێرشەکەی ئەنجام داوە و بەشێکی سنوورداری کێڵگەکەی پێکاوە. ناوبراو لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "تروس سۆشیاڵ" دووپاتی کردەوە کە واشنتۆن و دەوحە هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەیان لەبارەی ئەو هێرشەی سوپای زایۆنی نەبووە و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان تێدا نەکردووە.
ئەم لێدوانانەی تڕەمپ دوای ئەوە دێن کە تاران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکەی قەوارەی زایۆنی، دامەزراوەیەکی غازی سروشتی شلکراوی لە وڵاتی قەتەر کردە ئامانج. ئەم هەنگاوەی ئێران لەلایەن کۆشکی سپییەوە بە کردەوەیەکی "بێ پاساو" وەسف کرا، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر کە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە