6 رۆژ پێش ئێستا
311 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان: ئهمریكا هیچ وهفدێكی بۆ دانوستانی ئاشتی نهناردووه
پاکستان ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی (٤) وڵاتی ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هێشتا هیچ وەفدێکی ئەمریکی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران نەگەیشتووەتە ئیسلام ئاباد و پەیوەندییەکان لە ئاستی ڕاوێژکاریدا ماونەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی نێوان تاران و واشنتن و ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پەیوەندییە کاراکانی لەگەڵ سەرکردایەتی ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ پرسی شەڕی ئێران.
سەبارەت بە دەنگۆی پێکهێنانی بەرەیەک لەلایەن وڵاتانی (پاکستان، تورکیا، سعودیە و میسر) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی بەرگری"، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند کە باسکردن لەم بابەتە هێشتا "پێشوەختەیە" و پێویستی بە کات و هەماهەنگی زیاتر هەیە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە هەریەکە لە ئەنقەرە، قاهیرە و ئیسلام ئاباد لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، لەسەر هێڵن و کار بۆ نزیککردنەوەی دیدگای لایەنە ناکۆکەکان دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە