6 رۆژ پێش ئێستا
261 جار خوێنراوەتەوە
ڤانس: گەر ئێران واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت؛ تێکەڵی ئابوری جیهان دەکرێتەوە
پەیام
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هەوڵی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران دەدات، کە تێیدا تاران لە بەرانبەر وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پاڵپشتی تیرۆر، تێکەڵی ئابووری جیهانی دەکرێتەوە.
لە میانی وتارێکدا لە زانکۆی جۆرجیا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە دانوستان لەگەڵ ئێران، سەرەڕای شکستهێنانی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان لە ئیسلام ئاباد.
جەی دی ڤانس جەختی کردەوە ترەمپ ڕێککەوتنێکی بچووکی ناوێت، بەڵکو خوازیاری ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەیە کە هەموو پرسەکان لەخۆبگرێت و ڕێگری بکات لەوەی ئێران پارە بۆ بریکارەکانی دابین بکات.
جێگری سەرۆک ئاماژەی پێ کرد کە ئۆفەرەکەیان بۆ تاران ڕوونە: "وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکە، ئێمەش لە ڕووی ئابوورییەوە وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵەت لەگەڵ دەکەین. " وتیشی، هەرچەندە بێمتمانەییەکی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەیە و بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر نابێت، بەڵام سیاسەتی ترەمپ یەکلاکەرەوەیە و هەرگیز ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر بارودۆخی ئێستای پرۆسەکە، دووپاتی کردەوە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و جیهاندایە، چونکە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران و گەڕانەوەی بۆ ناو سیستەمی ئابووری جیهانی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە