28 خولەک پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
نزار ئامێدی: لەگەڵ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی نیم
پەیام
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییەی عێراقی، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، نزیکەی ٥٠ ساڵە یەکێتی و پارتی ناکۆکییان هەیە و تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بریتییە لە گفتوگۆ و دانووستانی نێوان ئەو دوو حزبە، هاوکات ڕاشیدەگەیەنێت، لەگەڵ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی پشکی سلێمانی نیە.
نزار ئامێدی رایگەیاندووە، ناکۆکی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ناکۆکییەکی مێژووییە، نزیکەی ٥٠ ساڵە ئەو دوو حزبە لە هەرێمی کوردستان ناکۆکی سیاسییان هەیە و تەنیا گفتوگۆ ڕێگای دروستە بۆ ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوانیان، تەنانەت پێکهێنانی کابینەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێم و ئەم کابینەیەی ئێستاش کە ماوەی دوو ساڵە پێکهێنانی دواکەوتووە، بەردەوام ئەو دوو حزبە ناکۆکییان هەبووە بەڵام تەنیا ڕێگای چارەسەر بریتییە لە گفتوگۆ و دانووستانی نێوانیان.
ئامێدی لەبارەی پرسی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمیشەوە کە لە ئێستادا بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتییەوە ماوەی دوو ساڵە دواکەوتووە، رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە "پارتی ناتوانێت بەبێ یەکێتی حکوومەتێک لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت کە حکوومەتێکی حەقیقی و کاربەدەست بێت لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها ئەوەش بۆ یەکێتی ڕاستە".
سەرۆککۆماری عێراق، لەبارەی "پرسی جیابوونەوەی سلێمانی" و هەروەها پرسی جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی، رایگەیاند، ئەو لەگەڵ جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدایە کە هەر فەرمانبەرێکی باڵا یان ئاسایی، یان هەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە بەسرەوە تاکو زاخۆ شایستەی دارایی و مافی خۆی پێ بدرێت بەپێی ئەوەی کە لە دەستووری عێراقیدا پێی دراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە