2 کاتژمێر پێش ئێستا
163 جار خوێنراوەتەوە
چالاکوانێکى ژنان: لەبەر دۆخى ئەمنى تەرمی غەزال نەبرایە مزگەوت
پەیام
چالاکوانێکى بوارى ژنان ڕایگەیاند: ئەوەی وتراوە هیچ مزگەوتێک تەرمى غەزال-ى وەرنەگرت راست نییە و لەبەر دۆخى ئەمنى نەبرایە مزگەوت.
بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ئەمڕۆ 17ی 4ى 2026، روونکردنەوەیەکی لەبارەی وەرنەگرتنی تەرمی غەزال مەولان لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.
ئەو چالاکوانە باسى لەوەکردووە، "ئەوەی لە راگەیاندن نووسراوە هیچ مزگەوتێک غەزالی وەرنەگرت ڕاست نییە و هەموو ئامادەکارییەكمان کرد لە مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران لە سلێمانى بۆ ئەوەى تەرمەکەى بشۆرێت، بەڵام لەبەر وەزعی ئەمنی وتیان جێگە دەگۆڕن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەی هەیە حەز و مەزاجی چەند میدیاکارێکە کار بۆ حزبەکان دەکەن و دەیانەوێت بڵێن خەڵك لەگەڵیان نییە، لە کاتێکدا وانەبوو دەیان کەس و دەیان ژن خۆی ئامادەکردبوو بێتە مەراسیم، بەڵام کات گۆڕاو رانەگەیەندرا، هەندێک کەس باس لە بەشداری ژنەکان دەکات، بەڵام بەڕاستی ئاوا نەبوو کاتێک درۆن لە زرگوێزیدا کات گۆڕدرا و هیچ کەس ئاگاداری مەراسیم نەکرایەوە".
دەشڵێت، "هەر کەس دەیەوێت چیرۆک بە جۆری خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام لای ئێمە ئەمە چیرۆکە راستەکەیە و دەشزانین متمانەتان بە ئێمە هەیە".
لەبارەى ئەوەشى کە باس لەوە کراوە مزگەوت شوێنى شتنى ژن نییە، بەهار مونزیر، ڕایگەیاندووە، "ئەو زانیارییانە ناڕاستن و بەو جۆرە نییە و لە چەندین مزگەوتی سلێمانی دەرگایان کراوەیە بۆ ژن".
گیانلەدەستدانى غەزال مەولان، کچە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاردانەى لێکەوتەوە و زۆر کەس و لایەن پەنجەى تۆمەتیان بۆ نەخۆشخانەى بەخشین و مزگەوتەکانى سلێمانی درێژ کرد، گوایە ڕەتیان کردووەتەوە پێشوازیی لێ بکەن، هەر دوێنێش نەخۆشخانەى بەخشین ڕەتیکردەوە ئەوان پێشوازییان لەو پێشمەرگە بریندارە نەکردبێت، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى بەخشین وتى "بەهۆى گرنگیدانمان بە بابەتەکە بەشەخسى خۆم ڕێکارە ئەمنییەکانم جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوان چاوەڕێیان نەکردووە و بۆ شوێنێکى تریان گواستەوە، سەرەنجام گیانى لەدەستدا کە هەموومان بۆى بەداخ بووین".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە