2 کاتژمێر پێش ئێستا
155 جار خوێنراوەتەوە
هەولێر... لەکاتى مەشقدا؛ دوو سەربازی بیانی گیانیان لەدەست دا
پەیام
گیانەدەستدانی دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانی لە کاتی مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشدا لە بنکەیەکی ئاسمانیی هەولێر راگەیەنرا و، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە و کوژرانی سەربازەکانیش لەلایەن تیمی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا و سوپای ئەمریکاوە دەستى پێ کردووە.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا و سوپای ئەمریکا لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ئاشکرایان کرد، کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی نەخوازراو لە کاتی مەشق و ڕاهێنانێکی سەربازی لە هەرێمى کوردستان، دوو سەربازیان گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ئەمریکی و ئەوی دیکەیان بەریتانییە.
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە باکووری عێراق "هەرێمى کوردستان" ڕوویداوە و بووەتە هۆی گیانەدەستدانی سەربازێکی هێزەکانیان. هیلی ئاماژەی بەوەش کرد کە خێزانی سەربازەکەیان لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتری لەو بارەیەوە نەخستە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە سەربازێکیان لە کاتی ڕاهێنانێکی سەربازیدا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر گیانی لەدەستداوە. بنکەی ئاسمانیی هەولێر کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە، دەکەوێتە هەرێمی کوردستان و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە.
سوپای ئەمریکا ڕوونیشی کردەوە، ئەم مەشق و ڕاهێنانە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە سوپای بەریتانیا ئەنجامدراوە کە ئەوانیش سەربازێکیان لەدەستداوە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری ڕووداوەکە بەردەوامن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە