1 کاتژمێر پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
دوای داخستنەوەی گەرووی هورمز، ژمارەیەک هێرش کرایە سەر كەشتییە بازرگانییەكان
پەیام
دوابەدوای داخستنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی هاتوچۆی دەریاییدا، سوپای پاسداران ژمارەیەك هێرشی كردووەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووەكەدا.
بەرپرسانی سەربازی ئەمریكا ئاشكرایان كرد "هاوكات لەگەڵ بڕیاری تاران بۆ داخستنی گەرووی هورمز بە ڕووی هاتوچۆی دەریاییدا، سوپای پاسداران سێ هێرشی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان ئەنجام داوە".
دەستەی ئۆپڕاسیۆنە دەریاییەكانی بەریتانیایش ڕایگەیاند: كەشتییەكی گواستنەوەی كۆنتێنەر لە نزیك كەناراوەكانی عومان هێرشی كراوەتە سەر و زیانی بەر كەوتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
هەمان دەستە ڕایشیگەیاند: لە دووریی 20 میل لە سەڵتەنەتی عومان، كەشتییەكی گواستنەوە و كەشتییەكی گوێزەرەوەی نەوت لە لایەن دوو بەلەمی ئێرانییەوە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ماڵپەڕی "تانكەر تراكەرز" بڵاوی كردەوە: هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە تەقەكردن دوو كەشتی هیندییان ناچار كردووە لە گەرووی هورمز پاشەكشە بكەن، كە یەكێكیان "گوێزەرەوەی زەبەلاحی نەوتی"یە و دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقی هەڵگرتووە.
لە بەرانبەریشدا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند: هێلیكۆپتەرەكانی جۆری "ئەپاچی" دەستیان بەئامادەسازیی بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە