2 کاتژمێر پێش ئێستا
255 جار خوێنراوەتەوە
دژەتیرۆری یەكێتی ڤیدیۆى بارهەڵگرە چەکەکان بە سیناریۆى پارتى لە قەڵەم دەدات
پەیام
دژەتیرۆری یەكێتی ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بارهەڵگرە چەکەکان دەدات و بە سیناریۆى پارتى لە قەڵەم دەدات، دەشڵێت لەم هەرێمە دەرزییەك دیار نەمێنێت مەسرور لێی بەرپرسە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكی تونددا، وەڵامی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دەداتەوە كە لەلایەن میدیاكانی نزیك لە جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی بڵاو كراونەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكرێت چەكی ئەمریكی لەلایەن دژەتیرۆرەوە بەرە و ئێران نێردراوە.
لەوبارەوە دژەتیرۆری یەكێتی دەڵێت: ئەو چەكانەی لە پشتی بارهەڵگرەكانەوە دەردەكەون، موشەكی "گرادی ڕووسین" نەك ئەمریكی و وەك ڕوونكردنەوەكە دەڵێت: شتێکى ئاساییە ئەگەر ئەمریكیش بن، چونكە ئێمە هاوپەیمانێكی هەمیشەیی ئەمریكاین لە شەڕی دژ بە تیرۆر.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هێرشی توند دەكرێتە سەر مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت و ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر دەرزییەكیش لەم هەرێمەدا دیار نەمێنێت مەسرور بارزانی لێی بەرپرسە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ناوبراو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
دژەتیرۆری یەكێتی گرتە ڤیدیۆییەكەیشی بە سیناریۆ لەقەڵەم داوە و وەك خۆی دەڵێت "بۆ داپۆشینی ئەو "فەزاحەت و سكانداڵانەیە" كە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكاوە لەسەر براكانی مەسرور بارزانی، بەهۆی تێوەگلانیان لە فێڵ و تەڵەكەبازی بەرانبەر سوپای ئەمریكا و دەستبەسەرداگرتنی ملیۆنان دۆلاریان دەستی پێكردووە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە