2 کاتژمێر پێش ئێستا
77 جار خوێنراوەتەوە
دەست بەدادگاییكردنی بەرپرسانی ڕژێمی پێشووى سووریا کرا
پەیام
لە یەكەم دانیشتنی پڕۆسەی دادگاییكردنی سەران و بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو، سەرۆكی لقی دەزگای ئاسایشی سیاسی پێشووی دەرعا دادگایی كرا.
لە هەنگاوێكدا كە پێشتر وەزارەتی داد لە چوارچێوەی ڕەوتی دادوەریی قۆناغی ڕاگوزەر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، یەكشەممە لە كۆشكی دادوەری لە دیمەشقی پایتەخت، پڕۆسەی دادگایی عاتیف نەجیب سەرۆكی لقی دەزگای ئاسایشی سیاسی ڕژێمی پێشوو لە پارێزگای دەرعا بەڕێوە چوو.
پڕۆسەی دادگاییەكە لە دادگای تاوانەكان و لە ڕێوشوێنێكی ئەمنیی توند و بە ئامادەبوونی ڕاگەیاندنی نێوخۆیی و دەرەكی و كەسوكاری قوربانییان لە چەند پارێزگایەك، بەتایبەت دەرعا، دەستی پێكرد.
عاتیف نەجیب 66 ساڵ، جگە لە پۆستە ئەمنییەكەی، پوورزای بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریایە، لە دادگاییەكەدا ڕووبەڕووی چەند تاوانێكی كوشتن، پێشێلكاری قورسی وەك دەستگیركردنی منداڵ و ئەشكەنجەدانیان لە پارێزگای دەرعا لە كاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سووریا دژ بە ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2011 دەبێتەوە.
پڕۆسەی دادگایی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی پێشوو لە پارێزگای دەرعا یەكەم دادگایی ئاشكرای بەرپرسانی باڵا و دیاری ڕژێمی لەكاركەوتووی پێشووی سووریایە.
بە چەند خولەكێك لە پڕۆسەی دادگاییەكە، عاتیف نەجیب لە نێو قەفەزی تۆمەتبارییدا دەركەوت و دادوەرییش بەشێوەی غیابی ناوی هەر یەك لە بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی پێشوو و ماهری برای وەك دوو تۆمەتباری دۆسیەكە بانگ كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە