1 کاتژمێر پێش ئێستا
104 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بە پەلەی بۆ شەش گوندی باشووری لوبنان دەرکرد
پهیام
سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ شەش گوندی باشووری لوبنان دەرکرد و حزبوڵڵاش بە درۆن هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیل، هاوکات پسپۆڕانی سەربازی باس لە فراوانبوونی ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان دەکەن.
سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی هۆشدارییەکی نوێوە داوای لە دانیشتووانی گوندەکانی (مەیفەدۆن، شەوکین، یەحمەر، ئەرنوون، زەوتەر و کەفەر تەبنیت) لە باشووری لوبنان کرد دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی تری سنووری بە چڕی بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، نیدال ئەبو زەید، پسپۆڕی سەربازی ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی ٥%ی خاکی لوبنانی کردووە. ناوبراو ڕایگەیاند بڵاوەپێکردنی پێنج فیرقەی سەربازی و بەردەوامیی تەقاندنەوەی گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان لە (بنت جبێل و خەیام)، نیشانەی ئەوەن کە ڕێککەوتنی ئاگربەست بە کردەیی جێبەجێ نەکراوە.
لەسەر ئاستی مەیدانیش، حزبولڵای لوبنان ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، کۆبوونەوەیەکی سەربازانی ئیسرائیلی لە شارۆچکەی (تەیبە) کردووەتە ئامانج و پێکانەکان ورد بوون. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە نزمی بەسەر ئاسمانی چەند ناوچەیەکی باشووردا سووڕاونەتەوە و تۆپبارانێکی چڕیش ناوچەکەی گرتووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە