1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
تڕەمپ: لە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران نزیکبووینەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی بەهێزە و واشنتن چاوەڕوانی وەڵامی تاران دەکات، هاوکات ئاماژەی بە ڕێگری لە پڕچەکبوونی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گفتوگۆی زۆر باش ئەنجامدراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر "زۆر گونجاوە" و ئێران ڕەزامەندی نیشان داوە کە چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد کە تەنها یەک هەفتە مۆڵەت دەداتە تاران بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە زۆربەی سەرکردەکانی ئێران کوژراون و واشنتن لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، واشنتن لە ڕێککەوتنێک نزیک بووەتەوە کە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا لەخۆ دەگرێت. بەپێی زانیارییەکان، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی ئامادە کراوە کە وەک چوارچێوەیەک بۆ دانوستانە ئەتۆمییە وردەکان و وەستاندنی شەڕ کاردەکات، بڕیاریشە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئێران وەڵامی فەرمیی خۆی ڕادەست بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە