59 خولەک پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: ئەمریکا نەیتوانی ئەو واقعەی دەیەوێت لە هورمزدا بیسەپێنێت
شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان پێشوازی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگرتنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەکات و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەھباز شەریف، پێشوازیی خۆی بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە هەڵپەساردنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز دەربڕی. شەریف سوپاسی "بوێری" ترەمپی کرد بۆ ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە لە کاتێکی گونجاودا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی ئامانجیان گەیشتنە بە چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هیوادارە ئەم دۆخە نوێیە ڕێ خۆشکەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات. ئەم هەڵوێستەی پاکستان لە کاتێکدایە کە "پڕۆژەی ئازادی" لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک هەوڵێکی واشنتن دەبینرا بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی و سەربازی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.
هاوکات، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی پێ کردووە کە پڕۆژەکەی ترەمپ سنوورداریی تواناکانی واشنتنی بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە گەرووی هورمز دەرخستووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم دەسپێشخەرییە "سەرکێشییەکی پڕ مەترسی" بووە و ئامانجی سەرەکیی تێپەڕاندنی هەژموونی ئێران بووە بەسەر گەرووەکەدا، بەڵام لە کۆتاییدا واشنتن بڕیاری ڕاگرتنی دا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە