1 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی ئێران پێگەی "یوانی چینی" لە بازاڕی نەوتدا بەهێزتر دەکات
ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" بڵاویکردەوە کە جەنگی ئێران "دەرفەتێکی زێڕین" ی بۆ چین ڕەخساندووە تاوەکو دراوی یوان لە بازرگانیی وزەدا بەکاربهێنێت و رکابەریی سیستمی "پترۆدۆلار" ی ئەمریکی بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەکارهێنانی دراوی چینی لە گرێبەستەکانی وزەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەهێزبوونی چەمکی "پترۆیوان" وەک جێگرەوەیەکی داهاتوو بۆ دۆلار. ئامارەکان دەریدەخەن کە تێکڕای مامەڵە ڕۆژانەییەکان لە ڕێگەی سیستمی پارەدانی چینی لە مانگی ئاداردا گەیشتووەتە ٩٢٠. ٥ ملیار یوان (نزیکەی ١٣٥. ٧ ملیار دۆلار)، و تەنانەت لە سەرەتای نیساندا بۆ ١. ٢٢ تریلیۆن یوان بەرزبووەتەوە، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە لە مێژووی ئەم دراوەدا.
هەرچەندە هێشتا پشکی یوان لە بازرگانیی نەوتی جیهانی بەراورد بە دۆلار کەمە، بەڵام جەنگی ئێران هەوڵەکانی پەکینی بۆ جیهانیکردنی دراوەکەی خێراتر کردووە. چین سوودی لەم ململانێیە وەرگرتووە تاوەکو سیستمە بانکییە نێودەوڵەتییەکەی فراوانتر بکات و وڵاتانی دیکە هان بدات لە مامەڵە نەوتییەکانیاندا پەنا بۆ یوان ببەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی دارایی ئەمریکا لە بازاڕەکانی وزەدا دەبینرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە