2 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: وەڵامی ئەمریکامان پێگەیشتووە و خەریکی پێداچوونەوەین
پەیام
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند وەڵامەکەی ئەمریکای لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە پێگەیشتووە و ئێستا خەریکی پێداچوونەوەیەتی بۆ بڕیاردان لەسەر مەرجەکانی کۆتاییهێنانی شەڕ و لادانی گەمارۆکان.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی پشتڕاستی کردەوە کە دیدگای لایەنی ئەمریکییان پێگەیشتووە و لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە. ئەم پێشهاتەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران، کە وەک نێوەندگیرێک پەیامەکەی واشنتۆنی گەیاندووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بە ئاژانسی "تەسنیم" ی ڕاگەیاندووە، تاران خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دەقە نوێیەکەی ئەمریکا و هێشتا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر ناوەڕۆکی نامە گۆڕدراوەکان نەدراوە. ئامانجی سەرەکی نێوەندگیرە پاکستانییەکەش لەم قۆناغەدا، نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو لایەنەکەیە لەسەر بنەمای پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەی ئێران.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ تاران لە "ڕێڕەوێکی هەستیاردا" ن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران ناوچەیەکی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە کە لەژێر کۆنترۆڵی "دەستەی کەنداوی عەرەبی" دا دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر مەرجەکانی وڵاتەکەی ڕوونی کردەوە، تاران داوای کۆتاییهێنانی یەکجاریی شەڕ لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ بە لوبنانیشەوە دەکات، لەگەڵ ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بەو ڕێگریانەی دەکرێنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە