1 کاتژمێر پێش ئێستا
138 جار خوێنراوەتەوە
وهزارهتی دارایی: دوای نیوهڕۆ لیست بڵاو دهكهینهوه و دهست به دابهشكردنی مووچه دهكرێت
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، سەرباری نەناردنی تەواوی پارەکە لەلایەن بەغداوە، پێش جەژن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت و ئەو ٨٠ ملیار دینارەی کورتهێنانیش بە قەرز پڕدەکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەپێناو خێرا دابەشکردنی مووچەدا، نیوەی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایاریان کە ٥٠ ملیار دینارە، پێشوەختە خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، بەغدا لە کۆی پێویستیی زیاتر لە ٩٧٠ ملیار دینار، تەنیا ٨٩٠ ملیار و ٥٠٢ ملیۆن دیناری ڕەوانە کردووە، بەمەش زیاتر لە ٨٠ ملیار دینار کورتهێنان لە تەمویلی مووچەی ئەم مانگەدا دروست بووە.
سەرباری پشووە فەرمییەکان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەکانی ڕاسپاردووە بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی پارەکە، تا هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت. هەروەها پڕۆسەی دابەشکردنەکە بە شێوەی کاش و لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) لە ڕۆژانی جەژنیشدا پاش کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەردەوام دەبێت.
بەهۆی پێویستیی کات بۆ گواستنەوەی پارە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وەزارەتەکە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن، بۆ وەرگرتنی کاش دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە سەردانی بانکەکان بکەن و بۆ (هەژماری من)یش دوای کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ سەردانی ئامێرەکانی (ATM) بکەن. هەر فەرمانبەرێکیش نەیتوانی لەم سێ ڕۆژەدا مووچە وەربگرێت، دەتوانێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامدا مووچەکەی وەربگرێت.
وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بۆ بێبەشنەبوونی هیچ مووچەخۆرێک و وەرگرتنی شایستەکانیان بەر لە هاتنی جەژن، بڕیاریان داوە ئەو کورتهێنانەی لە پارەکەی بەغدادا هەیە، لە ڕێگەی وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە