10 کاتژمێر پێش ئێستا
177 جار خوێنراوەتەوە
٢٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا
بسم الله الرحمن الرحیم
جەماوەری کوردستان...
ئیسلامخوازان...
خوشک و برایان...
ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا، بێگومان ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگی پێویست بوو بۆ درێژەدان بە کاروانێک کە بەرھەمی ماندووبون و شەونخونیی دەیان زاناو مامۆستای ئاینی و بانگەوازکاران و هەزارن پێشمەرگەی گیان فیداو خوێنی شەهیدانی خۆنەویست و کادیران ی ماندوو نەناسی و گەنجانی دەستبەدەستنوێژو، خوا ویست و خوشکانی بە حورمەت بوو.
ئەگەرچی کۆمەڵی دادگەریی لە ڕاگەیاندنیەوە تاکو ئێستا بە چەندین قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە، ئەگەر ویستی خواو پاشان ئیرادەی ئەندامان و دڵسۆزانی نەبووایە ھیچ کات تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختانە ئاسان نەبوون، بەڵام سوپاس بۆ خوای میھرەبان بە ئیرادەیەکی پێکەوەیی توانیمان کۆمەڵ بە ڕێگایەکی سەختدا بگەیەنینە ئێستا، بێ ئەوەی لە ڕێگای دروستی کاری ئایینداریی و سیاسی خۆمان لابدەین.
ئەگەرچی کاری سیاسی مرۆڤ بێ کەم و کورتیی نیەو، ئێمەش زۆر باش کەم و کورتییەکانی کاری خۆمان دەبینین و بە پشتیوانی خوای باڵادەست بەردەوام دەبین لە سەر گۆڕانکاریی و کاری پێکەوەیی و سەرخستنی ئەم کاروانە پڕ لە شکۆیەو، تواناکانمان لە سەرخستنی کۆمەڵ و چاکەی گشتی دا دەخەینەگەڕ، وەک چۆن لە ڕابردوودا لە سەنگەری حەقدابووین، بۆ داھاتووش خوا پشتیوان بێ باشتر و بەھێزتر لەو سەنگەرەدا دەمێنینەوە کە باوەڕمان پێیەتی و بەردەوام دەبین وەک بەشێک لە ڕەوتی گۆڕانکاریی و پاکسازیی و چاکسازیی و، ڕاستکردنەوەی باری لاری کۆمەڵگایەکەمان.
بۆیە لەم ڕۆژەدا بەڵێنی بەردەوامیی و دڵسۆزیی بۆ کادیرانی ماندوو نەناس و دۆستانمان دوپات دەکەینەوەو، خۆمان بە خزمەتکاری ئەم کاروانە و کادیرانی دڵسۆزی کۆمەڵی دادگەریی دەزانین و خوای بەبەزەیی پشتوپەنای ھەموومان بێت و ھێزو بازووی بەردەوامییمان پێ ببەخشێت.
مەکتەبی سیاسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
٣١/٥/٢٠٢٦ - ١٤/ذوالحجە/١٤٤٧
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە